21 ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاریکراوە و رێزی لێدەگیرێت. ئەم رۆژە بیرخەرەوەی گرنگیی زمانی دایکە وەک ناسنامە و شەنگەستەی هەر مرۆڤێک لە سەر رووی زەمین. بەو مانایەی کە زمان تەنها ئامرازێک نیە بۆ دووان – قسەکردن، بەڵکو گەنجینەیەکە بۆ کولتوور، مێژوو و ناسنامە و بیرکردنەوەی هەر نەتەوەیەک. پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی دایک ئەرکی لە پێشینەی هەموو مرۆڤ و گرووپێکە بۆ مانەوەی، چونکە کاتێک زمان نەپارێزرێت و پشتگوێبخرێت، ئەو زمانە دەمرێت و لەگەڵیشیدا مێژوو و کلتووری ئەو گەلە لەناودەچێت.
بۆ ئێمەی کورد، زمانی کوردی (بە هەموو زار و بنزارەکانیەوە) ئەو کۆڵەکەیەیە کە نەتەوەی کوردی راگرتووە. بۆیە پاراستنی زمان بۆ ئێمە تەنها پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نەتەوەیی و پاراستنی بوون و مایەندەمانە. هەروەها ئامانج و مەرەمی سەرەکی ئەم رۆژە تەنها ئاهەنگ و شایی گێڕان نییە، بەڵکو چەند پەیامێکی گرنگیی لە پشتە:
- پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری، بە جۆرێک هەر زمانێک بۆ ئەو گەلە پەنجەرەیەکە بۆ تێڕوانین و خۆناسین و ئاشنا بە دونیا و تێگەیشتنی جیهانبینی.
- جەختکردن، خەباتکردن و هاندان بۆ پەروەردە و فێرکردن بە زمانی دایک هێز و توانا بە کەسایەتی تاکی ئەو گەلە دەبەخشێ.
- داننان بە گروپ و گەل و نەتەوە جیاکان و رێزگرتنی یەکتری.
- لە باشوری کوردستان دامەزراوەگەلی فەرمی هەیە و لەناو دەستوری دەوڵەتی عێراقدا دان بە زمانی کوردی نراوە، دیسانەوە بەهۆی نەبوونی سیاسەتی زمانیی و پلانیی توکمەوە دۆخی زمانی کوردی زۆر شپرزە و لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگیدایە. بۆیە پێویستە بە جیددی و گرنگیپێدانێکی فرەوە حکومەتی هەرێم ئەو ئاستەنگیانە وەلابنێت و کار بۆ بەڕێکخستن و بەدامەزراوەکردنی کاناڵەکانی زمان و پەروەردە بکات.
- رۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم ئەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای سووریا و گۆڕانکاریەکانیدا، کە بە شانازیەوە ویست و ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسی پاراستن و بەرخۆدانی نەتەوەیی و ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی بەڕێوەبەریی خۆسەر. وا دەخوازرێ لەتەک پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا، پرسگەلی کولتووری و نەتەوەیی بە پرسی زمانی کوردی و پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا لە دەستورێکی هەمیشەییدا بچەسپێندرێ و زمانی کوردی لە رۆژاوا ببێتە زمانی فەرمیی ئیداری و پەروەردە و فێرکردن.
- لە هەر دوو بەشەکەی تری نشتیمان، بەدەر لەوەی کە زمانی کوردی لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا بوونی نیە، لە زۆر ڕووەوە بە رێگای مەزهەب و – دینی و رەگەز و نەژادپەرستیی سیستەمی دەوڵەتنەتەوەیی و داگیرکەریدا، زمانی کوردی لەژێر مەترسی گەورەدان.
- لە تاراوگە – دەرەوەی نشتیمانیش کە ژمارەیەکی بەرچاوی کورد دەژین و دەمێکە نەوە دوای نەوە تێکەڵی کولتوور و زمانی نەتەوەکانی ئەو وڵاتانە بوون و دوو زمانی دایکییان لە کەسایەتی خۆیاندا هەڵگرتووە. پێویستە زمانی شیرینی کوردی لایان بە زیندووی و پەرەپێدراوی بمێنێتەوە و لە ونبوون و نەمان بپارێزرێن.